مەریوان عومەر
كۆمپانیای گۆگڵ چووە نێو مەیدانی ململانێ سیاسی و ئابوورییەكانی نێوان وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و چین. لەو ماوانەی دوایدا واشنتۆن بە زمانێكی زبرتر لەگەڵ چیندا دەدوێت، وەك گوزارشتێك لە توڕەیی واشنتۆن بەرامبەر بەو هێرشە ئەلیكترۆنیانەی كرانە سەر كۆمپانیای «گۆگڵ» و داوای روونكردنەوەشی لە «پەكین» كرد بە هۆی ئەو هێرشانەوە، كە حیسابە ئەلیكترۆنیەكانی چالاكوانانی بواری مافی مرۆڤیان كردبوویە ئامانج.
لەو ماوانەی دواییدا پۆستە ئەلیكترۆنیەكانی تایبەت بە چالاكوانانی بواری مافی مرۆڤ لە چوارچێوەی خزمەتگوزاری “Gmail”ی سەر بە كۆمپانیای گۆگڵ كەوتە بەر هێرشی ئەلیكترۆنی. پسپۆرانی كۆمپانیای «مەكافی» ئەمریكی و تایبەتمەندانی بواری ئاسایشی زانسارییە ئەلیكترۆنیەكان و نەهێشتنی ڤایرۆس، كە بارەگاكەی لە «سانتا كلارا»ی ولایەتی «كالیفۆرنیا»یە، رایانگەیاند كە زیاتر لە 30 كۆمپانیا دووچاری ئەو هێرشە ئەلیكترۆنیانە بوونەتەوە، لە نێوانیشاندا كۆمپانیای “Google” و “Adobe Systems”. ئەم هێرشانە لە وڵاتی چینەوە كراونەتە سەر پێگە ئەلیكترۆنیەكانی ئەو كۆمپانیایانە، بە هۆی ئەمەشەوە واشنتۆن لە پەكین توڕەیە و داوای روونكردنەوەی لێ دەكات.
وەزیری بازرگانی ئەمریكی رایگەیاند، كە وڵاتی چین دەبێ گرەنتی ژینگەیەكی لەباری بازرگانی بۆ گۆگڵ و كۆمپانیاكانی تر بكات. بێزاری واشنتۆنیشی لە بەرامبەر ئەو هێرشە ئەلیكترۆنیانە ئاشكرا كرد. كۆمپانیای گۆگڵ چالاكیەكانی لە چین بەكۆتا دێت، بەڵام نەوەك تەنیا بە هۆی هێرشە بەردەوامەكان بۆ سەر پۆستە ئەلیكترۆنیەكانی، بەڵكو بە هۆی ناڕازیبوونی بەو سانسۆرەی چین خستوویەتیە سەر ئینتەرنێت. بەكۆتاهێنانی چالاكیەكانیشی، مانای داخستنی ماڵپەڕە تایبەتیەكەیەتی بە زمانی چینی.
كۆنگرێسی ئەمریكی لە راپۆرتێكیدا باس لە زیادبوونێكی بێ وێنە لە كردەی سیخوڕی و سانسۆر دەكات، كە چین بەسەر كۆمپانیا ئەمریكیەكانەوە ئەنجامی دەدات، ئەمەش بە هاوكاری، یاخود لانیكەم بە هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی چینیدا، چونكە ئەو زانیاریانەی كراونەتە ئامانج، لەو جۆرە زانیاریانە نین، كە باندە چەتە ئەلیكترۆنیەكان و كۆمپانیا كێبڕكێكارەكان مەبەستیانە.
لە لایەن خۆیەوە چین لەسەر زاری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی خۆیەوە «جیانگ یوو» ئەو تۆمەتانەی رەت كردەوە و رایگەیاند، كە «چین هێرشی نەكردۆتە سەر هیچ پێگەیەكی ئەلیكترۆنی». ناوبراو راپۆرتەكەی كۆنگرێسی ئەمریكیشی رەت كردەوە، كە وڵاتی چینی بە دزەكرنە نێو تۆڕی كۆمپوتەری ئەمریكی و كۆكردنەوەی زانیاری لە بارەی سوپای ئەمركیا تۆمەتبار كردبوو. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین وتیشی «ئەو راپۆرتە هێرشێكی ناڕەوایە بۆ سەر چین و راستیەكانی لەبەر چاو نەگرتووە». جەختیشی لەسەر مافی حكومەتی چین بۆ سەپاندنی هەر جۆرە سانسۆرێك كرد.
بڕیاری كۆمپانیای گۆگڵ بە رەتكردنەوەی سانسۆر بەسەر ئینتەرنێتەوە لە لایەن چینەوە، جۆرێكە لە رووبەرووبوونەوە لەگەڵ حكومەتی چینیدا، زەنگێكیشە بۆ چین، كە جامی ئارامی ئەمریكا پڕبووە و چیتر بەرامبەر سیاسەتەكانی چین بەرگە ناگرێت.
بەڵام ئایا ئەو بابەتە مۆركێكی سیاسی و ئابووریی پەیوەنددار بە بزنسمان و سیاستەوە بە خۆیەوە دەگرێت؟ بە تایبەت كە «باراك ئۆباما»ی سەرۆكی ئەمریكا لە لێدوانێكیدا بۆ تۆڕی “CNN”ی ئەمریكی رەخنەی لە سیاسەتەكانی چین لە بەرامبەر كۆمپانیا و پێگە ئەلیكتڕۆنیەكان گرت و وتی «من دەترسم پەیوەندیەكانی نێوان وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و چین بەرەو خراپی بچێت، گەر بێت و كێشەی گۆگڵ چارەسەر نەكرێت». هەروەها وتیشی «چونكە ئەمە زیانێكی گەورە بە ئابووریی ئەمریكا دەگەیەنێت و بەرژەوەندیەكانی ئەمریكا دەخاتە مەترسیەوە».
هەروەك «هیلاری كلینتۆن»ی وەزیری دەرەوەی ئەمریكاش لە لایەن خۆیەوە رایگەیاند، كە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا سزای توند بەسەر هەر لایەنێكدا دەسەپێنێت، كە هێرش بكاتە سەر پێگە ئەلیكتڕۆنیەكانی.
دكتۆر ئیبراهیم عەویس ئابووریناس لە بارەی كێشەی گۆگڵ و هێرشی سەر ماڵپەڕە ئەلیكترۆنیەكان لە نێوان ئەمریكا و چیندا دەڵێ «وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەتوانێت سزای بازرگانی سەخت بسەپێنێت، لە رێگای كۆت و پێوەند خستنە سەر قەبارەی ئاڵوگۆڕە بازرگانیەكانی لەگەڵ وڵاتی چیندا، ئەوەی كە بە (بالكۆتا) ناسراوە، ئەمەش كاریگەری نێگەتیڤی لەسەر گەشەی ئابووری چین دەبێت، كە گەورەترین قەبارەی ناردەنیەكانی بۆ وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكایە. جگە لەوەش ئەمریكا چەند چەك و كارتێكی فشاری تری هەیە لە دژی چیندا بەكاری بهێنێت، كاتێك بڕیاری رووبەرووبوونەوە لەگەڵ چین بدات». بەڵام ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا، كە ئەگەری زۆر هەیە ئەو كێشەیە چارەسەر بكرێت، چونكە بەرژەوەندیە بازرگانیەكانی نێوان هەردوو وڵات لەوە گرنگتر و گەورەترە، كە رێگا بدەن ئەو كێشەیە ببێتە هۆی بەرپابوونی جەنگێكی ئابووریی لە نێوانیاندا. چین گەورەترین قەرزبەخش «خاوەن قەرز»ی ئەمریكایە، ئەمریكاش گەورەترین وڵاتە لە رووی هاوردەكردنی كاڵا و كەلوپەلی چینیەوە. چین وڵاتێكی گەورەیە و دەتوانێت كارتەكانی بۆ بەرژەوەندی خۆی كار پێبكات، بەڵام دەزانێت لە حاڵەتی بەرپابوونی ئەو جەنگە ئابوورییەدا زیانی هەردوو لا گەورە و بێ شوومار دەبێت. هەروەك چەندین كۆمپانیای زەبەلاحی ئەمریكی لە چیندان و بەرژەوەندیان لەو وڵاتەدا هەیە.
رۆژنامەی «گڵۆباڵ تایمز»ی چینی كشانەوەی كۆمپانیای گۆگڵی لە وڵاتی چین بە «زیانێكی گەورە بۆ هەردوو وڵات» وەسف كردوە. ئێستا كۆمپانیای گۆگڵ سەرچاوەی سێیەكی پرۆسەی گەڕانی بەكارهێنەرانی ئینتەرنێتە لە وڵاتی چیندا و نزیكەی 340 ملیۆن كەسی چینی ئینتەرنێت بەكار دەهێنن، لە كاتێكدا بەر لە 10 ساڵ تەنیا 10 ملیۆن كەس لەو وڵاتەدا ئینتەرنێتیان بەكار دەهێنا.
ئیلاف