رێپۆرتاژ : زیاد ئیسماعیل
ساڵانە وەك نەریتێك زانكۆ و پەیمانگاكان بەمەبەستی ناساندنی قوتابیانی قۆناغی یەكەم بەقوتابیانی قۆناغەكانی تر ئاهەنگێك بەناوی یەكتر ناسین دەكەن، قوتابیانیش ئەم جۆرە ئاهەنگە بەئاهەنگی یەكتر ناسین ناودەبەن، بینەر فاروق بەرپرسی لێژنەی كۆلێژی دیجلەی بەیانیان، قوتابی بەشی یاسا، قۆناغی دووەم، سەبارەت بەئامانجەكەیان لەم ئاهەنگە گوتی» ئێمە مەبەستمان لەم ئاهەنگە ناساند و تێكەڵ بوونی قوتابیانە بۆ ئەوەی تەكانێك بێت بۆ شكاندنی شەرم و پێشكەوتنی زانست « سەبارەت بەدواكەوتنی ئاهەنگی یەكتر ناسین كە لە دوای تەواو بونی كۆڕسی یەكەمەوە دەستی پێكردوە « ئێمە وەكو كۆلێژە ئەهلیەكان بەتایبەت كۆلێژی دیجە كە سەربە بەغداین، پشوەكانمان وەكو زانكۆی سەڵاحەدین نییە و جیاوازە، ئەمە هۆكاری دواكەوتنی ئاهەنگی یەكتر ناسینەكەمان بوو، سەبارەت بەرۆتینی ئاهەنگەكان كە بەتایبەت لەلایەن خودی قوتابیەكانەوە باسدەكرێت «ئێمە دەمانەوێت ئاهەنگەكەمان بەشێوەیەكی مۆدێرن بێت یەكتر ناسینەكانی ئێمە زیاتر شێوازێكی كەلتوری لەخۆگرتوە» بۆ شكاندنی ئەم كەلتورە ناوبراو باسی لەوە كرد كەرێژەیەكی كەم كورسیان هێناوە تا زیاتر قوتابیان هەڵپەڕن و تێكەڵاوی یەكتر ببن» قوتابیەكان زیاتر خۆیان بەدانیشتنەوە خەریك كردووە بۆیە ئێمە رێژەیەكی كەم كورسیمان هێنەوە تا قوتابیان زیاتر هەڵپەڕن و تێكەڵاوی یەكتر ببن» لەم ئاهەنگە یەكتر ناسینەدا نزیكەی 1200 كارت بۆ میوانان دابەشكرا بوو « سەبارەت بە تێچونی دابینكردنی لایەنی ماددی ئەم ئاهەنگە « بەخۆشحاڵیەوە ئەمە لەلایەن ناوەندی زانكۆ و پەیمانگاكان دابین كراوە كە هاوكارمان بوونەو كۆمپانیای دارینیش هۆڵەكەی بۆ دابینكر دووین، هەروەها راگری كۆلێژیش هاوكاری كردوون « ئەم قوتابیە رای وابوو هەرچەندە ئاهەنگەكانی یەكتر ناسین لە زانكۆو پەیمانگەكان تەنها رۆتینی بووە، بەڵام لەمەو دوا شێوازێكی مۆدێرن بەخۆیەوە دەبینێت.
ئەگەرچی ئەم ئاهەنگانە بەناوی یەكتر ناسین و تێكەڵاوی سازدەكرێت، بەڵام زۆرێك لە قوتابیان و میوانانی ئاهەنگەكە لەدوورەوە سەیری ئاهەنكەكە دەكەن و تێكەڵ نابن.
ئومێد باپیر قوتابی لەكۆلێژی ئەدەبیات، قۆناغی سێیەم، یەكێك بوو لەو میوانانەی بانگهێشتكرابوو كە لەدورەوەی قوتابیان وەستابوو سەیری ئەو ئاهەنگەی دەكرد، لە بارەی ئەم ئاهەنگانەوە بەنیگەرانیەوە بەم شێوەیە بۆچونی خۆی دەربڕی « لەم جۆرە ئاهەنگانە هیچ كەسێك كەسێكی تازە ناناسێت، هەرچەندە بەناوی ناسینەوەش ئەنجام دەدرێت بەڵكو زۆر جار قوتابی لەیەكتر دەتۆرێن لەسەر رێكخستی ئاهەنگەكە یان دا بەشكردنی خەڵاتەكان، ئەوانەی بەژداریش دەبن لەم ئاهەنگانە تەنها بۆ هەڵپەڕینە هیچی تر « ئومێد بەو پێیەی سێ ساڵە لە زانكۆ دەخوێنیت شارەزایی ئاهەنگە كانی یەكتر ناسینەو دەڵێت» ئاهەنگەكانی یەكتر ناسینەكانی كۆلێژ تەنها بۆ یەكتر ناسین نییە، بەڵكو بۆ چەند ساتێك هەڵپەڕینە هەموو ئاهەنگە كانیش وەكو یەكن، ئومێد گوتیشی بەرلەوەی بێمە ئەم ئاهەنگە دڵنیا بووم لەوەی ئەم ئاهەنگەش هەروەكو ئاهەنگەكانی ترە، بەڵام لەبەر دڵی هاوڕێكەم هاتم «
بەڵێن مستەفا لە كۆلێژی دیجلە، قۆناغی یەكەمی، بەشی یاسا، لەبارەی ئاهەنگەكانی یەكتر ناسینەوە دەڵێت ئاهەنگەكانی یەكتر ناسین هەمووی تەقلیدییە، لە هەموو كۆلێژەكانیش وەكو یەكە سەرەتا چەند وتارێكەو هەندێك جار شانۆیەك، پاشان هەڵپەڕین، هیچ بەر نامەیەك بۆ یەكتر ناسین نیە كەچی ئاهەنگەكە بەناوی یەكتر ناسینە» سەبارەت بە هۆكاری دووبارە بونەوەی ئەو ئاهەنگانە بەڵێن دەڵێت» هۆكارەكەی ئەوەیە كە ئێمە ناتوانین لەكۆمەڵگای خۆمان پێشكەوتن بۆ قوتابیانی قۆناغی یەكەم بهێنین ئەو عەقلیەتە بۆ ئەوان دروست بكەین كەلەم ئاهەنگە یەكتر بناسن، ئەوەشی خستە سەر قسەكانی كە ئەم ئاهەنگە هەڵگری ناوەكەی نیە كە یەكترناسینە»
ئەسما حەسەن قۆناغی دووەمی بەشی یاسا، كچێكی باڵا پۆش بوو باجێكی چاودێری لە یەخە دابوو لەنێو میوانان هاتوچۆی بوو، ئەمیش رای وابوو ئاهەنگەكەیان بە رێكوپێكی بەرێوە چووە، بەڵام لە رێكخستنی ئاهەنگ هەمیشە كێشە هەر دەبێت چونكە قوتابیانی قۆناغی یەكەم تازە كەش و هەوای كۆلێژ دەبینن لەو ئاستەدانین، بۆیە لە رێكخستنەكە كێشە دروست دەبێت» ئەسما بەپێكەنینەوە وتی ئەم ئاهەنگە لەكاتێكی درەنگ كراوە ئێستاش كۆتایی كۆڕسی یەكەمە قوتابیەكان یەكتریان ناسیە ئینجا ئەم ئاهەنگەیان گێڕا»
ئەژین جەلال لە قۆناغی یەكەم بەشی یاسا، خۆزگە بەوشێوەیە لەم ئاهەنگە تێكەڵاوی نەبوایە، بەڵكو مێز مێز بوایە وە بەتەنها بۆ قوتابیەكانی خۆمان بوایە لە رووی رێكخستنەوە گلەیم لێیان هەیە، دەبوو ئەمە زووتر بكرابوایە، ئێستاش زۆر شپرزەیە هەرچەندە ئەم ئاهەنگە بەناوی یەكتر ناسینە بەڵام من كەسم نەناسیوە بەلای من ئەمە ئاهەنگی یەكتر ناسین نیە ئاهەنگێكی ئاساییە.
لە كوردستان دەیان كولێژ و پەیمانگا لە شارو شارۆچكەكان هەن، هەموو ساڵێكیش ئەو هەڵپەرین و بەزم و ئاهەنگە ئەنجامدەدرێ، بەجۆرێك قوتابیان لەسەرتای خوێندنەوە خەمی یەكەمیان لە جیاتی ئەوەی خۆئامادەكردن بێ بۆ خوێندن، ئەوەیە كە چۆن بۆ ئەو ئاهانگە خۆسان ساز و ئامادەبكەن، ئەوەش دەبێتە دیاردەیەك و لە تەلەفزیۆنەكان شەوانە سهعاتێك تا دوو سهعات پەخشدەكرێ.