راپۆرت: شهیما
لەناو كچاندا ئەگەرچی لەیەك نزیكی و بەیەكەوە دانیشتن و پەیوەندی كۆمەڵایەتی بەردەوام هەیە، بەڵام كە لەیەكیش دوردەكەونەوە جۆرێك لە یەكتری شكاندنەوە و باسكردنی یەكتر و حەسادەت هەیە، بۆ زانینی زیاتر لەو بارەوە رای چەند كچێكمان وەرگرت
رۆشەنگ دەڵێ: بەخیلی لەناو هەموو كۆمەڵگایەكدا هەیە، بەڵام لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر جیاوازە، ئەوەش بۆ هەست و ناخی خودی كەسەكە دەگەڕێتەوە، بە زۆری حەسوودی ناو كچان لە جوانی و زیرەكی و ڕەوشت بەرزیدا هەیە، بەڵام من بۆخۆم حەسوودی بە هیچ كەسێ نابەم، كاتێ كەسێ دەبینم لایەنی ئاینی زۆر پتەوە زۆر بەخیلی پێ دەبەم، تەمەنا دەكەم وەكو ئەوبم وە پێویست ناكات بەخیلی بە هیچی یەكتر ببەین، چونكە ئەگەر من بمەوێ لەڕووی ماددی و مەعنەوی یا هەر كەسێ دەتوانێ ئەوشتەی بەدەستی بێنێ كە دەیەوێ.
گەزەنگ حەیدەریش دەڵێ: كچانی ئێمە لەناو خۆیان كاتێ كچێك شوو بكات بە خیلی پێ دەبەن زۆر باسی دەكەن، باسی ئاهەنگی گواستنەوە و زێڕو ماڵی دەكەن و بەخیلی پێ دەبەن، جا ئەگەر كچەكە لەماڵی باوكی هەژاربن هەموو بەخیلی پێ دەبەن و دەڵێن ببینە ئەو كچەتیوە چ چانسێكی هەیە، وە هەروەها بەخیلی بە كچێ دەبەن كە باڵای بەرزبێ و هەروەها زرنگ و هۆشیار بێ.
كوردستان: بەخیلی وەكو خوێك لەناو مرۆڤەكان بەگشتی و كچان بەتایبەتی وەسف دەكات بەردەوام دەبێت و دەڵێت، بەرای من بەخیلی بردن شتێكی باش نییە من وەك كەسایەتی خۆم، كەسێكی بەخیل نیم، تەنها كە كەسێك دەبینم زیرەك بێ، چونكە خۆم قوتابیم حەز دەكەم زۆر زیرەك بم، بۆیە زۆر پێی سەرسام دەبم، چونكە بەردەوام هەوڵی ئەوە دەدەم ئەوەش شتێكی خواییە خودا دەیدا بەكەسێك و نایدا بە كەسێكی تر.
گوڵستان: من وەك ئافرەتێك هەرگیز بەخیلی بە كەس نابەم، بە تایبەت كچان هەرگیزیش باسیان ناكەم، بەڵام زۆر حەز دەكەم كچ زۆر جوان بێ زۆر سەرسام دەبم بە جوانی كچان و بەژن و باڵایان و بەقژو چاویان، ئەمە ناچێتە قاڵبی حەسوودی، بەڵكو ئەمە هیوا خوازی جوانی و سەركەوتنی كەسەكانە، بەتایبەتی ئافرەتان، ڕەنگە زۆر جاریش ببینم كە ئافرەت بەخیلی بە ئافرەت دەبات بەوەی ئەو منداڵی نی یە، دراوسێیەكەیان منداڵی هەیە، هەروەها ئەو خانووی نییە ئافرەتێكی رەفیقی هەیەتی، هەیە گلەیی لە بەختی خۆی دەكات دەلێ لە ژیانم هیچم نەبینی ئەو خەڵكەش وەكو منە بۆ ژیانی ئاوایە بۆ ژیانی من وانا خۆشە بێگومان ئەوەش شتێكی خراپە.
ئینتیزار: دیاردەی حەسوودی یەكێكە لە دیاردە هەرە گرنگانەی كۆمەڵگە كە مرۆڤەكان لەنێوان خۆیان هەیانە، ئەم دیاردەیە دەتوانم بڵێم لە ژیانی هەموو مرۆڤێك بێ جیاوازی هەیە، بە تایبەتی لەناو ئافرەتان زیاترە، ئەوەش دەگەرێنمەوە بۆ گەشەسەندنی پێشكەوتنی ژیان، بەهۆی بەرهەم هێنان و گەشە سەندنی تەكنەلۆژیاو كەل و پەل و پێداویستی ژیان، كە وا لە ئافرەتان دەكات بەخیلی لە دەروونی دروست بێت و گەشە بكات، ئافرەت لە شوێنی كاركردنی لەوانەیە حەسوودی بە ئافرەتی هاوڕێی ببات لە مكیاژكردن و قژ بۆیەكردن و جل و بەرگ، ئەگەر ببینێ پلەی لەو بەرزترە یا خۆشەویسترە لای خەڵكی و لای بەڕێوەبەركەی.
تاڤگە: دەڵێ من رۆژانە لەكاتی دەوامم لەگەڵ هاوڕێ كچەكانم تووشی ئەم حاڵەتە دەبمەوە زۆر بێزارم، كارم زۆرە بەهۆی كارەكانم سەرقاڵم تاقەتی ئەوەم نییە دانیشم بەخیلی بە خەڵكی ببەم و بڵێم بۆئەوەی لەبەر كردیە بۆ وا دەكات بۆ وا دەڕوات، ئەوانەی بەخیلی بە خەڵكی دەبەن بێگومان نەخۆشن ئەمە نەخۆشیە، چونكە دەبنە هۆی تێكدانی ژیانی خۆیان و كەسانی بەرامبەر، ئاگاداری ئەوان نین كە خۆیان مەشغول كردووە بەخیلی بردن بەكەسانی بەرامبەر شتێكی خراپە.
دڵگەش: ئەگەر لەرووی كۆمەڵایەتییەوە باسی بكەین دەبینین كە خەسوو بەخیلی بە بووكەكەی دەبات، چونكە كاتێ ئەو گەنج بووە ئەو شتانەی بۆ بووكەكەی كراوە بۆ ئەو نەكراوە، هەورەها هاوگیانەكان بەخیلی بەیەك دەبەن یەكێكیان دەڵێ ئەو ماڵی تایبەت هەیە من نیمە، یا ئەو سەیارەیەی هەیە، ئەو خانوویان هەیە كچ و كوڕی هەیە، بەڵام ئەو نیەتی ئەنجامی ئەمانەش تەنها دروست بوونی رق و كینەیە هەموومان دەزانین كە خراپە، بەڵام بەردەوامین لەسەری.
خانزاد: هەرچەندە خۆشم هەندێ جار حەسوودی بە كەسەكان و شتەكان دەبەم، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە كە بە هەموو شێوەیەك لەگەڵ ئەوەدام حەسوودی هەبێ، من دەبینم ئافرەت لەبەر دەگا دادەنیشێ چاوەڕێی جیرانەكەی دەكات بزانێ چ دەكەن، ئەگەر عەللاگەیەك بەدەستی بینی حەسوودیان پێ دەبات، حەسوودی وا لە مرۆڤ دەكات قەلەق بێ، هەروەها جاسووسی بكات.
دیمەن: ئەوەی لەناو ئێمەدا هەیە واتا لەناو ئافرەتان بەهەمان شێوە لەناو پیاوانیش هەیە ئەوانیش حەسوودی بەیەك دەبەن، كاتێ یەكێكیان سەیارەیەكی جوانی هەبێ یا حەسوودی پێ دەبەن، كاتێ یەكێك كچێكی جوانی خۆش دەوێ، یا فرۆشیار حەسوودی بە فرۆشیارێكی تەنیشتی دەبات، هەموو ئەمانەش ئەنجامی خراپی دەبێ، منیش كاتێ كچێ دەبینم كوڕێكی جوانی خۆش دەوێ حەسوودی پێ دەبەم.