شه‌یدا خێراباتی بۆ بێ ماڵئاوایی له به‌رنامه‌ی ئه‌ڤین ژن و ژیان چووه ده‌ره‌وه!!؟؟
"هونه‌رمه‌نده تورك و عه‌ره‌ب و فارسه‌كان مافی ئێمه‌یان خواردوه"
دیمانه : پێشكه‌وتن
شه‌یدا خێراباتی یه‌كێكه له‌و هونه‌رمه‌نده ئافره‌تانه‌ی كه هه‌ر له سه‌ره‌تای ژیانیدا خولیای گۆرانی گوتن بووه، ئه‌و له شاری (سنه)ی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان چاوی به دونیا هه‌ڵهێناوه، ته‌مه‌نی نزیكه‌ی 40 ساڵ ده‌بێت، به‌ڵام ئێسته بۆماوه‌ی پێنج ساڵه دانیشتووی شاری سلێمانییه، سه‌ره‌تای كاری هونه‌ری ده‌گه‌رێته بۆساڵی 1992، یه‌كه‌م گۆرانیشی به‌ناوی (تۆریام) بووه، له‌م دیمایه‌نه‌یدا له‌گه‌ڵ (پێشكه‌وتن) باس له‌و ڕووداوی جێهێشتنی به‌رنامه‌ی (ئه‌ڤین ژن و ژیان)ی كه‌ناڵ چوار و چه‌ند لایه‌نی دیكه‌ی په‌یوه‌ست به‌و رووداوه ده‌كات.
له پرسیاری ئه‌وه‌ی بۆچی له به‌رنامه‌ی (ئه‌ڤین ژن و ژیان)، به بێ ماڵ ئاوایی چویته ده‌ره‌وه؟ ته‌نانه‌ت ماڵ ئاوایت له ئاماده‌بووانی به‌رنامه‌كه‌ش نه‌كرد؟ شه‌یداش له‌وه‌ڵامدا ده‌ڵێت "من له كه‌ناڵ چار وه‌ك هونه‌رمه‌ندێك بانگێشت كرابووم، ده‌مه‌وێت بڵێم كه‌ناڵ چار كه‌ناڵێكی زۆر پێشكه‌وتووه، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌و كاته‌ی كه منیان بانگێشت كردبوو بۆ به‌رنامه‌كه، من دوو گۆرانیم پێشكه‌ش كرد، دوای ته‌واوبوونی گۆرانیه‌كانم ماڵ ئاواییم لێ نه‌كرا، وه‌ك هونه‌رمه‌ندێك سه‌یری منیان نه‌كرد، من له‌لایه‌ن كاك عه‌زیز وه‌یسییه‌وه به‌وان ناسرام، به‌ڵام ئه‌وان هیچ گرینگیه‌كیان پێم نه‌دا، من پێم خۆش بوو وه‌ك هونه‌رمه‌ندێك به ئۆتۆمبێلی خۆیان بێن به‌دامه‌وه، كاتێك من چوم بۆ ئه‌وێ له‌به‌ر ده‌رگادا خه‌ڵكه‌كه وایان زانی منیش وه‌ك ئه‌وان بۆبه‌رنامه‌كه ناوی خۆم نوسیووه".
شه‌یدا هه‌ر له‌باره‌ی ئه‌و رووداوه، ئاماژه به‌وه‌ده‌دا كه هونه‌رمه‌نده بیانییه‌كان وه‌ك تورك و فارسه‌كان و عه‌ره‌به‌كان "حه‌قی ئێمه‌یان خواردووه"، شه‌یدا ده‌ڵێت "به‌داخه‌وه كاتێك كه كه‌سێكی بیانی ده‌بینن، ڕێز زیاتر بۆ ئه‌وان داده‌نێین نه‌ك بۆ كورده‌كه‌ی خۆمان، ده‌مه‌وێت له‌ڕێگای ئێوه‌وه بڵێم كه كه‌ناڵ چار كه‌ناڵێكی پێشكه‌وتووه، به‌ڵام با ئه‌ڤین خان جیاوازی نه‌كات له‌وه‌ی كه هونه‌رمه‌ندێك ده‌وڵه‌مه‌نده یان هه‌ژاره، هه‌ر نه‌بێ باوه‌ك یه‌ك سه‌یری هونه‌رمه‌نده‌كان بكات به یه‌كسانی".