دیمانه: تریفه ئازاد
پ: حه‌ز ده‌كه‌ی زیاتر له بواری راگه‌یاندن بناسرێیت یان هونه‌ر؟
شه‌یما: ماوه‌یه‌كی زۆر نییه كه من له‌بواری راكه‌یاندن و هونه‌ر كار ده‌كه‌م، به‌ڵام هه‌ردووكیانم خۆش ده‌وێت.
پ: له درامای بێ سه‌رپه‌رشت، به‌شداربووی، تا چه‌ند سه‌ركه‌وتنت به ده‌ستهێنا؟
شه‌یما: ده‌ستپێكی كاری هونه‌ری من له‌وێوه ده‌ست پێده‌كات، هه‌رچه‌نده له‌وشێوینه‌ی كه تێیدا په‌روه‌رده‌بووم به‌شداریم ده‌كرد له‌سه‌رجه‌م ئه‌و چالاكییانه‌ی كه ئه‌نجام ده‌درا، به تایبه‌ت شانۆ، زۆرم حه‌ز له بواری شانۆ بوو، به‌ڵام دواتر له سینه‌ما. به‌رله‌وه‌ی كه ده‌رهێنه‌ر ئه‌میر ته‌ها داوام بكات له‌م درامایه به‌شداربم، رۆمانی بێ سه‌رپه‌رشتانم خوێند بووه‌وه‌و زۆرم حه‌ز لێده‌كرد، چونكه زۆر نزیك بوو له ژیانی خۆم. په‌ندێكی كوردی هه‌یه ده‌ڵێ: كه‌س به دۆی خۆی ناڵی ترشه، به‌ڵام سه‌ركه‌وتنێكی باشم به‌ده‌ستهێنا، تائێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت خه‌ڵك هه‌ر به نێرگز با‌نگم ده‌كه‌ن.
پ: چی به‌م كچانه ده‌ڵێی كه حه‌ز ده‌كه‌ن بێنه نێو دونیای هونه‌ر، به‌ڵام ده‌ترسن ؟
شه‌یما: زۆرجار رووبه‌رووی ئه‌م پرسیاره بوومه‌ته‌وه و هه‌میشه ده‌یڵێمه‌وه پێش ئه‌وه‌ی به كچان بڵێم به‌و هونه‌رمه‌ندانه ده‌ڵێم كه ئێستا له بواری هونه‌ر كار ده‌كه‌ن، بائه‌وان ده‌ست پێشخه‌ربن، چونكه زۆرن ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی به‌رده‌وام ده‌ڵێن كچان مه‌ترسن و وه‌رنه مه‌یدان، كه‌چی به‌داخه‌وه چه‌ندین حاڵه‌تم بینیوه هه‌ر ئه‌وان ناهێڵن كچیان، خوشكیان، خێزانیان، بێنه نێو بواره‌كه‌وه. من ده‌ڵێم ئه‌ی ئه‌و كچانه‌ی ماوه‌ی 5 ساڵ شانۆ ده‌خوێنن له په‌یمانگا، ئه‌گه‌ر به حه‌زی خۆتان چوونه ئه‌و به‌شه، بۆچی له‌سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ نابینرێن، ئه‌ی ئه‌و كچانه‌ی له بواری موزیك ده‌خوێنن بۆچی له گروپه‌كان ته‌نها كوڕان ده‌بینرێن، بۆ بیرناكه‌نه‌وه، خاوه‌ن بڕیار خۆتان بن و خانه‌واده‌كانتان تێ بگه‌یه‌نن.
پ: وه‌زاره‌تی رۆشنبیری تا چه‌ند گرینگی به هونه‌ری سینه‌ما ده‌دات؟
شه‌یما: ئه‌وه‌نده‌ی من ئاگاداربم و لێره‌و له‌وێش كه باس ده‌كرێت ده‌یه‌وێت گرنگی پێبدات و چه‌ندین كاری باشی سینه‌مایش كه له‌لایه‌ن وه‌زاره‌ته‌وه پاره‌ی بۆ سه‌رف كراوه و سه‌ركه‌وتنی باشیان به‌ده‌ستهێنا. وه‌ك ده‌زانین به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی سینه‌مامان هه‌یه، به‌ڵام من ده‌ڵێم هێشتا گرنگی پێنه‌دراوه، چونكه هه‌مووان ده‌زانین هونه‌ری سینه‌ما له هه‌موو دنیادا ئێستا گرنگی پێده‌درێت و بووه‌ته زمانی سیاسه‌تی وڵاتان.
پ: چه‌نده له به‌شی سینه‌ما رازیت له كۆلیژی هونه‌ره جوانه‌كان؟
شه‌یما: كه‌م و كوڕیمان ئێجگار زۆره، نه‌بوونی بینایه‌یه‌كی وه‌ك پێویست، ئێستا ئێمه له بینایه‌ی قوتابخانه‌یه‌كی ناوه‌ندین كه تێدا چه‌ندین كه‌م و كوری تێدا به‌رجه‌سته ده‌كرێت، بۆیه داوا ده‌كه‌م له حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاورێكی جدی له‌م به‌شه بداته‌وه.
پ: بۆچی بینه‌ری سینه‌ما له كوردستاندا كه‌مه؟
شه‌یما: من ده‌پرسم گریمان بینه‌ر هه‌بوو، بچێت بۆ كوێ سه‌یری فیلمی سینه‌مایی بكات؟ كوا هۆڵی سینه‌ما؟ كوا به‌رهه‌می سینه‌مایی؟ ئێمه بینیمان له‌م ماوه‌یه‌دا فیستیڤاڵی فیلمی فه‌ره‌نسی ئه‌نجامدرا له پاركی مناره، بینه‌رێكی زۆر هاتبوو، بۆم ده‌ركه‌وت كه بینه‌ری سینه‌ما هه‌یه له كوردستان، به‌ڵام له وڵاته‌كه‌مدا گرنگی پێویستی پێنه‌دراوه. ئه‌ركی لایه‌نی په‌یوه‌نداره چاره‌سه‌رێك بۆ ئه‌م كێشه‌یه بدۆزێته‌وه. سه‌رجه‌م ئه‌م فیلمه سینه‌مایانه‌ی كه له كوردستان به‌رهه‌م ده‌هێنرێن هه‌موو سیناریۆكانیان وه‌ك یه‌كه.
پ: بۆ پێكهێنانی ژیانی هاوسه‌ری چ تێڕوانینێكت هه‌یه؟
شه‌یما: ژیانی هاوسه‌ری زۆر له‌وه پیرۆزتره له‌لای من كه‌ئێستا هه‌ندێ له‌گه‌نجانی ئێمه پێكی ده‌هێنن به‌بێ بیركردنه‌وه. ئه‌و كه‌سه‌ی ئه‌یه‌وێ شه‌یما ببێته هاوبه‌شی ژیانی، ده‌بێ به‌ر له‌شه‌یما، هونه‌ره‌كه‌ی شه‌یمای قبوڵ بێت. تا ئێستاش بیرم له‌م په‌یوه‌ندییه نه‌كردۆته‌وه.
پ: گه‌ر كه‌سێكت خۆش‌ویست و ئه‌ویش زۆری خۆشویستی، به‌ڵام داوای لێتكرد واز له‌هونه‌ری سینه‌ما بهێنی، ئه‌وكات چی ده‌بێت؟
شه‌یما: توشی ئه‌م حاڵه‌ته زۆر بوومه، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه بڕیاری واز نه‌هێنانم له‌هونه‌ر هه‌ر به‌رده‌وام بووه. ناشڵێم واز ناهێنم، چونكه ئێمه‌ی مرۆڤ به‌پێی كات و زه‌مه‌ن بیر‌و بۆچوونه‌كانمان له‌گۆڕاندایه.
پ: چ پێناسه‌یه‌كت بۆ دایكت هه‌یه ؟
شه‌یما: دایكی من شاخه، چونكه خۆراگره. گوناهیشه پێناسه بۆ دایكم بكه‌م، چونكه ناتوانم، ناشزانم چۆن حه‌قی پێبده‌م.
پ: رقت له‌چی ده‌بێته‌وه و به چ توره ده‌بیت؟
شه‌یما: رقم له‌هیچ نابێته‌وه، به‌ڵام دوو ووشه هه‌یه پێم ناخۆشه بیبیستم، یه‌كه‌م ماڵئاوایی، دووه‌م خودی ووشه‌ی رق، چونكه لای من ووشه‌ی رق نابێ جێی ببێته‌وه له‌ده‌روونی مرۆڤه‌كان.